کوردستان لە نێوان چەپڵەڕێزانی مەزادخانەکان و هاواری شەقامەکاندا.
هێمن سالار فەرەج
مەزادی چەکە گرانبەهاکان لەسەر تەرمی میللەتێکی برسی:
لە کاتێکدا شەقامەکانی کوردستان پڕن لە دەنگی ناڕەزایەتیی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە مانگانە چاویان لە “نیوە مووچە” و “چارەکە مووچە”یە، دیمەنی کڕینی دەمانچەیەکی کلاسیک بە بڕی ١١,٧٥٠ دۆلار لەلایەن باڵادەستترین کەسی دەسەڵاتەوە، تەنها کڕینی پارچە ئاسنێک نییە، بەڵکو مۆرکردنی بێباکی و بێویژدانییە بەرامبەر بە میللەتێک کە لە ژێر باری قەرز و گرانیی بازاڕدا پشتی چەماوەتەوە.
لووتکەی بێباکی بەرامبەر هەژاران
ئەو ڤیدیۆیەیی کە چەند ڕۆژێکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە، تەنها بەڵگەی کەیف و سەفای شەخسی نییە، بەڵکو وێنەیەکی ڕاستەقینەی ئەو مەودا گەورەیەیە کە لە نێوان “حوكمڕان” و “گەل”دا دروست بووە.
لە لایەک: باوکێکی کاسبکار شەو تا بەیانی خەو ناچێتە چاوی چونکە پارەی نانی بەیانی منداڵەکانی شک نابات.
لە لایەکی تر: لە مەزادێکی جیهانیدا، تەنها بۆ ئارەزوویەکی شەخسی، بڕی ١٨ ملیۆن دینار بە چەند چرکەیەک و بە دیار پێکەنین و چەپڵەڕێزانەوە دەبەخشرێتەوە.
ئارەزووی شەخسی یان قووتی خەڵک؟
ئەو پارەیەی بۆ کڕینی دەمانچەیەکی کلاسیک خەرج کرا، دەیتوانی بژێوی دەیان خێزانی هەژار بۆ چەندین مانگ دابین بکات. ئەمە لووتکەی سووکایەتیکردنە بە کەرامەتی ئەو مرۆڤانەی کە لە ناو تاریکی و بێ کارەباییدا دەژین، کەچی دەبینن سەروەت و سامانی ئەم نیشتمانە لە مەزادخانەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ نمایش و کات بەسەربردن خەرج دەکرێت.
چۆن ویژدانتان ڕێگەتان دەدات یاری بە ملیۆنان دۆلار بکەن، لە کاتێکدا خەڵک لێرە خەریکە لە ناو برسییەتی و بێئومێدیدا دەخنکێن؟



Post Comment