کەرەنتینەی نیشتمانپەروەری و میوانداریی جاشایەتی!

عەتا ئادەم عبداللە

بەخێر بێن بۆ هەرێمی سەرسوڕهێنەر، ئەو شوێنەی کە تێیدا یاساکانی فیزیا و ئەخلاق بەپێی تەلەفۆنێکی دراوسێکان دەگۆڕێن. چیرۆکی غەزەل مەولانی و بەراوردکردنی بە میوانە “ئازیزە” عەرەبەکان، تەنیا چیرۆکی مەرگی کچە کوردێک نییە، بەڵکو چیرۆکی تەرمێکی سیاسییە کە بۆنی گەنیوی هەموو ناوچەکەی گرتووەتەوە.

وا دیارە لە سلێمانی، پێش ئەوەی پزیشک سەیری زەخت و لێدانی دڵت بکات، دەبێت سەیری ئیقامەو ڕەزامەندیی ئەمنی بکات. ئەگەر کچێکی کورد بیت و خەونی ئازادیت هەبێت، دەبێت لەسەر جێگای نەخۆشخانە چاوەڕێی واژۆی ئەفسەرێکی بێگانە بکەیت بۆ ئەوەی ڕێگەت بدەن نەمریت.

بەڵام ئەگەر گۆرانیبێژێکی سەردەمی بەعس بیت و ساڵانێک بە دەنگە کڕەکەت ستایشی ئەنفالت کردبێت، دەرگای نەخۆشخانەکان نەک هەر دەکرێنەوە، بەڵکو پزیشکەکان وەک کۆرس لە دەورت کۆدەبنەوە. وا دیارە ڤایرۆسی کوردایەتی زۆر کوشندەترە لای بەرپرسان وەک لە جەلطەی دڵ!

سەیرە! لەم وڵاتەدا ئاو بۆ شوشتنی تەرمی کچە کوردێک دەبێتە کیمیاوی و مزگەوتەکان دەبنە قەدەغە، بەڵام بۆ ئەوانەی مێژوویەکی ڕەشیان لەگەڵ خوێنی ئەم گەلە هەیە، فەرشی سوور ڕادەخرێت.

بۆ غەزەل: نە نەخۆشخانە، نە مزگەوت، نە سۆزی نیشتمان.

 بۆ ساجدەکان: باشترین ژووری VIP، پزیشکی پسپۆڕ، و ئەوپەڕی ڕێز.

ئەمە ئەو سەروەرییەیە کە بەرپرسانی ئێمە شەو و ڕۆژ شانازیی پێوە دەکەن؟ سەروەرییەک کە لەبەردەم تەلەفۆنێکی میت و ئیتلاعات وەک سەهۆڵ لەبەر دەم خۆر دەتوێتەوە؟

بەرپرسانی سلێمانی (و تەنانەت هەولێریش لە نموونەی ساجدەدا) جۆرە فۆبیایەکیان  هەیە؛ فۆبیای کوردبوونی ڕاستەقینە. ئەوان وەک ئەو خانەخوێیەن کە منداڵەکەی خۆی لە برسان دەکوژێت، تەنیا بۆ ئەوەی دوژمنەکەی دراوسێی پێی نەڵێت خراپیت.

دەستخۆشی لە بەرپرسان دەکەین! توانیتان بیسەلمێنن کە:

• خوێنی کورد: هەرزانترین کاڵای بازاڕە.

• تەقەی درۆن: تەنیا مۆسیقایەکی پاشبنەمایە بۆ کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکانتان.

• نەخۆشخانە: شوێنی چارەسەری ئەو میوانانەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان چەپڵەیان بۆ بکوژانی ئێمە لێداوە.

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت