شەڕی فیرعەونەکان دژ بە موسا!خوێنمژ بووە بە وەزیر و خەمخۆر بووە بە قاچاخچی!
سەرمەند ئیسماعیل
لەو وڵاتە سەیرەی ئێمەدا، پێوەرەکانی نیشتیمانپەروەری و تاوانباری ئاوەژوو بوونەتەوە:
🔹 ئەگەر دزێکی گەورە بیت و خەڵک ڕووت بکەیتەوە، دەبیتە بەرپرسی باڵا!
🔹 بەڵام ئەگەر پزیشکێکی وەک دکتۆر دلێر بیت و نانی دەمت بدەیتە هەژاران، دەسەڵات وەک “قاچاخچی” دەتبینێت.
لێرە پاکی، گەورەترین تاوانە!
ئەگەر ببیە قەڵغان بۆ هەژاران، دەسەڵات ناوت دەنێت “تیرۆریست” یان “قاچاخچی”، چونکە تۆ بوویتەتە ڕێگر لەوەی ئەوان بە ئارامی گۆشتی میللەت بخۆن. کێشەی ئەوان لەگەڵ دکتۆر دلێر کاغەز و مۆڵەت نییە، بەڵکو ئەوەیە کە ئەو دکتۆرە بووەتە ئاوێنەیەک و ناشرینییەکانی ئەوانی تێدا دەردەکەوێت.
سەیرکەن کێ باسی یاسا دەکات!
زۆر پێکەنیناوییە، ئەوانەی باس لە “یاسای دەرمان” دەکەن:
🚫 خۆیان خاوەنی ئەو کۆمپانیا سێبەرانەن کە ساڵانێکە دەرمانی بەسەرچوو و ساختە وەک نوقڵ بەسەر ئەم میللەتەدا دابەش دەکەن.
🚫 ئەو بەرپرسانەی نەخۆشخانە حکومییەکانیان کردووەتە گەراجی مردن، ئێستا خەمی تەندروستی خەڵکیان لێ نیشتووە؟
🚫 نەخێر! خەمی ئەوان تەنها ئەوەیە: چۆن دەبێت پزیشکێک هەبێت بە نرخێکی هەرزان خزمەت بکات، لە کاتێکدا ئەوان دەیانەوێت نەخۆش بپڵۆزێنن؟
تۆمەتی قاچاخی بۆ دکتۆر دلێر، وەک ئەوە وایە گورگ سکاڵا لەسەر شوان بکات بە تۆمەتی ئەوەی مەڕەکانی ناداوەتە دەست بۆ ئەوەی بیخوات!
دکتۆر دلێر شینە تاوانەکەی تەنها یەک شتە:
نەیویستووە ببێتە بەشێک لەو زنجیرە مافیایە و ویستوویەتی دەرمانی ڕاستەقینە بگەیەنێتە دەستی ئەو نەخۆشانەی کە دەسەڵات تەنها وەک “کارتێكی دەنگدان” دەیانبینێت.
پەیامێک بۆ بەرپرسە گەندەڵەکان:
ئێوە دەتوانن دەرگای نەخۆشخانەیەک دابخەن، دەتوانن دۆسیەی یاسایی بۆ مرۆڤە دڵسۆزەکان دروست بکەن، بەڵام ناتوانن ئەو گەندەڵییە بشارنەوە کە وەک شێرپەنجە جەستەی ئەم وڵاتەی خواردووە. دکتۆر دلێر بە تۆمەتی ئێوە ناشرین نابێت، چونکە مۆری پێزانینی خەڵک لەسەر ناوچەوانیەتی، نەک مۆری فەرمانگە گەندەڵەکانی ئێوە.
ئەگەر مرۆڤایەتی قاچاخی بێت، بژی قاچاخچییەکان و سەرشۆڕی بۆ یاسایەک کە تەنها بۆ هەژار و دڵسۆزەکان دەستوەشێن.



Post Comment