نیشتمانێک لە نێوان چەقۆی گەندەڵی و سێبەرە تاریکەکانی دەسەڵات

ئەندام کەیفی

کاتێک لێرە لە بەریتانیاوە، لە وڵاتی یاسا و ڕێزگرتن لە شکۆیی مرۆڤ، سەیری هەواڵەکانی نیشتمان دەکەم، جەستەم دادەچڵەکێت. جیاوازییەکە تەنها لە نێوان دوو جوگرافیادا نییە، بەڵکو لە نێوان دوو جیهانی جیاوازدایە؛ لێرە بەرپرس خزمەتکاری خەڵکە و لەوێش نیشتمان کراوەتە کۆیلەی دوو بنەماڵە.
زیاتر لە ٣٠ ساڵە “پارتی و یەکێتی” خەریکی دابەشکردنی جەستەی ئەم نیشتمانەن. گەندەڵی لە کوردستان تەنها دزینی پارە نییە، بەڵکو دزینی خەونی نەوەیەکە. چۆن دەکرێت وڵاتێک لەسەر دەریایەک نەوت بێت، کەچی گەنجەکەی لە شەپۆلەکانی دەریای ئیجەدا بخنکێت؟ چۆن دەکرێت داهاتی خاڵە سنوورییەکان و نەوت بچێتە گیرفانی چەند کەسێکی دیاریکراو، بەڵام دایکی شەهید و فەرمانبەر چاویان لە چەند دینارێکی “لێبڕاو” و دواکەوتوو بێت؟
لە بەریتانیا، من دەتوانم بە دەنگی بەرز بڵێم “نا” بەبێ ئەوەی بترسم لەوەی سبەینێ تەرمەکەم لە کەناری شەقامێک بدۆزرێتەوە. بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی ئەم دوو بنەماڵەیەدا، ئازادی تەنها بۆ ئەوانەیە کە چەپڵە لێدەدەن. ئەوەی ڕەخنە بگرێت، یان دەبێت بێدەنگ بکرێت، یان تۆمەتێکی بۆ هەڵببەسرێت. نادادپەروەری گەیشتووەتە ئاستێک کە “دادگاکان” بوونەتە مەڵبەندی حیزب و “یاسا”ش بووەتە قامچییەک بۆ سەر پشتی هەژاران.
ئەمە نیشتمان نییە کە ئێوە دروستتان کردووە، ئەمە کۆمپانیایەکی گەورەی پشکدارییە کە تەنها بارزانی و تاڵەبانی تێیدا سوودمەندن. میللەتێک لێوانلێو لە خەم، گەنجێک بێ ئومێد لە داهاتو، و وڵاتێک کە هەموو جوانییەکانی لە پێناو مانەوەی ئێوە لەسەر کورسی، کراوەتە قوربانی. مێژوو نەک تەنها لە گەندەڵییەکانتان نابوورێت، بەڵکو لەو بێدەنگییەش نابوورێت کە بەسەر خەڵکتاندا سەپاندووە.
نەفرەت لەو سیستمەی کە مرۆڤ تێیدا دەبێت ببێتە حیزبی تا بتوانێت بژی، و سڵاو بۆ ئەو ئازادییەی کە لێرە فێری کردین نیشتمان ئەوە نییە کە دەسەڵاتداران باسی دەکەن، بەڵکو ئەوەیە کە مرۆڤ تێیدا هەست بە کەرامەت بکات

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت