با نیشتمانپەروەریی کوردانی ڕۆژاوا بکەینە سەرمەشق

کۆسرەت دڵشاد محمد

لە ساڵانی نەوەدەکاندا، کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سووریا بوو، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ میدیایەکی عەرەبی، ڕۆژنامەنووسەکە پرسیارێکی ئاراستە کرد و وتی ئێوە کە کورد و موسڵمانن، بۆچی لەگەڵ تورکەکان دەجەنگن لەکاتێکدا ئەوانیش موسڵمانن و ئایین وەک برا کۆتان دەکاتەوە؟ بۆچی بەڕێزت ئەوەندەی گرنگی بە ڕەهەندی نەتەوەیی دەدەیت، بایەخ بە ڕەهەندی ئایینی نادەیت؟

ئۆجەلان لە وەڵامدا وتی: دەکرێت منیش پرسیارێک لە تۆ بکەم؟ ڕۆژنامەنووسەکە وتی: بفەرموو.

ئۆجەلان وتی: ئەگەر ئێستا بگەڕێیتەوە ماڵەوە و کاتی بانگ بێت، لە هەمان کاتدا ببینی کەسێکی خراپکار دەستدرێژی دەکاتە سەر دایکت، ئایا دەچیت نوێژەکەت دەکەیت یان دایکت ڕزگار دەکیت؟

ڕۆژنامەنووسەکە بە سەرسامییەوە وتی: بێگومان من و هەر کەسێکی تر بێت، دایکی ڕزگار دەکات و دواتر نوێژەکەی دەکات. ئۆجەلان وتی: دایکی من کوردستانە؛ کاتێک داگیرکەران دەستدرێژی دەکەنە سەر خاکەکەم، ئەرکی یەکەمی من ڕزگارکردنی دایکمە. کە کوردستانم ڕزگار کرد، ئەو کاتە نوێژەکەم دەکەم. ئەگەر نوێژ یەکجار فەرز بێت، ڕزگارکردنی نیشتمان (دایک) دووجار فەرزە.

خۆشویستن و پاراستنی خاک ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقییە؛ وەک پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دەفەرموێت: مَنْ قُتِلَ دُونَ مَالِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ، وَمَنْ قُتِلَ دُونَ أَهْلِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ، وَمَنْ قُتِلَ دُونَ دَمِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ، وَمَنْ قُتِلَ دُونَ دِينِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ. ئەم فەرموودەیە جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی ماڵ و سامان، نامووس و نیشتمان هاوشانی پاراستنی ئایینە.

ئەمڕۆ دەبینین زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا بانگەشەی دیموکراسی و ئازادیی بیروڕا دەکەن، بەڵام لە واقیعدا مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ نامۆکان دەکەن. ئەمە وانەیەکی گرنگمان پێ دەڵێت: ئەگەر خاکت نەبێت، پاراستنی ئایین و ئەخلاقیشت ئەستەم دەبێت. مرۆڤ لە دەرەوەی خاکی خۆی، هەمیشە وەک پلە دوو سەیر دەکرێت.

ئەو هەڵوێستە نەتەوەییەی کوردانی باشوور بەرانبەر بە ڕۆژاوا نواندیان، جێگەی شانازییە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە: بۆچی ئەو خەمخۆری و جۆش و خرۆشەی بۆ ڕۆژاوا هەمانە، بۆ پاراستنی خاکی باشوور لە ناوخۆدا نییە؟ بۆچی بەرانبەر بەو نادادی و تاڵانکارییەی کە لەلایەن دەسەڵاتی ناوخۆیی (پارتی و یەکێتی) دەکرێت، بێدەنگین؟

ئەو دوو بنەماڵەیە لە مێژوودا سەلماندوویانە کە زۆرتر خەریکی پاراستنی بەرژەوەندییە حزبییەکانی خۆیان و نۆکەرایەتین بۆ هێزە ئیقلیمییەکان، نەک خەمخۆری بۆ خاک. سەروەت و سامانی ئەم نیشتمانە دەخرێتە خزمەت داگیرکەران، کەچی زۆرینەی خەڵک (جگە لە چینێکی زیندووی مامۆستایان و فەرمانبەران)هەڵوێستێکی کردارییان نییە!

با ورە و بەرخودانی کوردانی ڕۆژاوا ببێتە دەرسێک بۆ ئێمە لە باشوور. پێویستە وەک چۆن دژی داگیرکەری دەرەکی دێینە دەنگ، ئاواش دژی چەتەگەریی ناوخۆیی و بەکرێگیراوانی داگیرکەران ڕابوەستین. پاراستنی نیشتمان تەنها لە سنوورەکانەوە نییە، بەڵکو پاککردنەوەی ناوخۆی وڵاتیشە لەوانەی خێر و بێری ئەم خاکە دەدەنە دەست دوژمنان، بۆیە لابردنیان هەم ئەخلاقیە هەم دینی یە.

بەکالۆریۆس لە زمانی ئینگلیزی، نوسەر و گرافیک دیزاینەر لە میدیای سەرنج پرێس.