ئەی سەرە گەورەکانی هەرێم چیان بەسەردێت ؟

فەرەیدون ڕەسول ـ چالاکوان

چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی گەورەی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی لەعێراق دەستی پێکردووە کەتیایدا ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسە باڵاکانی عێراق دەستگیرکران و دەیان ملیۆن دۆلار و دەیان کیلۆ زێڕ دەستی بەسەردا گیراوە، هەڵمەتەکە ناو نراوە ” دەستگیرکردنی سەرە گەورەکانی گەندەڵی ” تاکو ئێستا نزیکەی ٦٥ کەس دەستگیرکراون، لەناو لیستەکەدا ناوی چەند بەرپرسێکی کوردی تێدایە کەسەر بەپارتی و یەکێتین و لەگەندەڵی دارایی و کارگێڕی تێوەگلاون.

ئەم هەڵمەتە لای تەواوی چین و توێژەکانی کوردستان بۆتە جێی خۆشحاڵی و پێشوازی گەورەی لێکراوە، بەڵام دەپرسین ئایا ئەم هەڵمەتە دەستگیرکردنی سەرە گەورەکانی کوردستانیش دەگرێتەوە ؟ ئایا لەکوردستان کێ تۆمەتبارە بەگەندەڵی ؟ سەرە گەورەکانی پارتی و یەکێتی دەکەونە ژێر لافاوی ئەو هەڵمەتە و دەستگیر دەکرێن ؟ چەندین پرسیاری دیکە هەن کە پێویستە دادگاو دەستەی دەستپاکی و حکومەتی عێراق وەڵامیان بدەنەوە.

چەندیەتی و چۆنیەتی گەندەڵی لەهەرێمی کوردستان ئەگەر لەعێراق زیاتر نەبێت کەمتر نیە، بۆیە ڕایگشتی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە بەرپرسانی کوردستانیش دەستگیربکرێن و سەروەت و سامانی دزراوی کوردستانیان لێ وەربگیرێتەوە، سەرانی دەسەڵات بەبەهای سەدان ملیۆن دۆلار دزی و گەندەڵیان لە داهاتی نەوت و کانزا سروشتیەکاندا کردووە، کوڕان و کچانی بنەماڵە سیاسیەکان بوونەتە ملیاردێر و خەڵکیش لەوپەڕی هەژاریدا دەژین، بۆیە هیچ کاتێک زوونیە بۆ دەسەگیرکردن و سزادانی گەندەڵکارانی کوردستان.

سەیر لەوەدایە ژمارەیەک بەرپرس و پلەباڵای پارتی و یەکێتی پێشوازی لەو هەڵمەتەی حکومەتی عێراق دەکەن، پەردەی شەرم و ئابڕویان هێندە تەنکە دەیانەوێت بەم پشتیوانیکردنە دزی و گەندەڵیەکانی خۆیان بشارنەوە، دڵنیام ڕۆژێک دێت گەندەڵکارانی کوردستانیش هەمان چارەنووسی بەرپرسانی عێراقیان دەبێت و سەروەت و سامانی دزراوی ژێر زەوی و سەرزەوی کوردستان لە لوتیان دەردەهێنرێت.

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت