چەک لە خزمەت کورسیدا
قوربانیبوونی خەڵک لە ململانێ سیاسیەکاندا
لە نوسینی بڕوا پیرۆت محمد
مێژووی سیاسیی ناوچەکە سەلماندوویەتی کە دەسەڵاتداریەتیی حزبی و بڕیاری ئاڵۆز، زۆرجار بەستراونەتەوە بە ململانێی ناوخۆیی و گواستنەوەی کێشە کەسییەکان بۆ گۆڕەپانی گشتی. ڕووداوەکانی شاری سلێمانی و بەریەککەوتنی نێوان هاوسەرۆکانی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نموونەیەکی باڵای ئەم هاوکێشەیەن، کە تێیدا ململانێی دەسەڵات، دارایی و ڕێکخستنی سەربازی، لە کێشەیەکی سیاسییەوە گۆڕدرا بۆ باری گرژیی ئەمنی.
سیاسییە دەسەڵاتدارەکان و شەڕی ناوخۆ
هاوپەیمانییەکی مێژوویی ناپچڕاون، کە هەمیشە لەسەر حسابی خوێن و بژێوی جەماوەر بەردەوامییان پێ دراوە. ئەوەی لە سلێمانی و لە ڕووداوەکانی هۆتێل لالەزاردا ڕووی دا، تەنها کێشمەکێشمێکی ئاسایی نێوان دوو ئامۆزا یان ململانێیەکی حزبی نەبوو، بەڵکو دیمەنێکی ئاشکرای بەکارهێنانی سەروەت و سامان، چەک، و هێزی دەوڵەت بوو بۆ یەکلاییکردنەوەی بەرژەوەندییە کەسی و خێزانییەکان. ئەم دەسەڵاتە سیاسییە، لە شوێنی ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی نیشتمان و سەروەریی یاسا بەکاربهێنێت، کردوونی بە ئامرازی سەرکوتکردن و تۆڵەسەندنەوەی ناوخۆیی.
کاتێک بافل تاڵەبانی بە هێزێکی زۆری سەربازییەوە هێرش دەکاتە سەر شوێنی کۆبوونەوە و نشینگەی لاهور شێخ جەنگی، دەسەڵاتدارێتیی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارێکی جدییەوە. ئەم ڕووداوە سەلماندی کە لە لای ڕێبرانی سیاسی، ئاسایش و موڵکوماڵی هاووڵاتیان هیچ بەهایەکی نییە کاتێک لەگەڵ ئیمتیازە ئابووری و سەربازییەکانیان بەریەک دەکەون. لەجیاتی ئەوەی کێشە سیاسییەکان لەڕێگەی دیاڵۆگ و دامەزراوە یاساییەکانەوە چارەسەر بکرێن، سەرکردەکان پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی هێزی سەربازی لەناو جەرگەی شاردا، بەبێ گوێدانە ئەوەی چەندە ترس و تۆقین لەناو خەڵکی مەدەنی بڵاو دەکەنەوە و چەندە زیان بە ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەگەیەنن.
لە هەمووی ناخۆشتر و دراماوییتر، چارەنووسی ئەو گەنج و سەربازانەیە کە لەبەر بێکاری و دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەی خێزانەکانیان ناچار بوون چەک هەڵبگرن. دەسەڵاتدارانی هەرێم ئابووریی ناوچەکەیان بە جۆرێک داڕوخاندووە کە گەنجان جگە لە چەکداری و بەکرێگیراوی هیچ دەرفەتێکی دیکەی ژیانیان بۆ نەمێنێتەوە، پاشان هەمان ئەو گەنجانە دەکەنە قوربانیی ململانێ لەسەر پێگە و دابەشکردنی دەستکەوتەکانیان. دەسەڵاتێک کە لەسەر حسابی خوێنی ڕۆڵەکانی خۆی پۆست و ئیمتیاز بپارێزێت و بە ڕۆژی ڕووناک شەڕی ناوخۆیی بهێنێتە سەر شەقامەکان، شەرعییەتی ئەخلاقی و سیاسیی لەدەست داوە. ئەم جۆرە ڕووداوانە پەیامێکی ڕوونن بۆ جەماوەر کە تاوەکو حوکمڕانی لەسەر بنەمای خێزان و بەرژەوەندیی تەسک بێت، ئاسایش و سەقامگیری تەنها دروشمێکی بێناوەرۆک دەبن.



Post Comment