شێروان شێروانی کەتنی ناوەتەوە یان دەسەڵاتی خێڵ !؟

ئاروەند رزگار

کەیسی شێروان شێروانی کە ئێستا لەبوارە یاساییەکەی دەرچووە و بووە بە بابەتێکی سیاسی و ڕقی تایبەتی و سنوری کوردستانی بڕیوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە خەریکە ئەبێتە سەرەخۆرەی ئەو دەسەڵاتەی کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی ڕابەرایەتی ئەکات . یاسا سەیرەکەی مەسرور بارزانی لەژێرناوی دادگادا جارێکیتر لە بەرواری ٢٠٢٥/٨/١٩ سزای شێروانی پێدایەوە، بەگوێرەی ماددەی ٢٢٩ ی لە یاسای ١١١ سزادانی عێراقی بووە ،گوایە شێروان لە زیندانەوە هەڕەشەی لە کەسێکی ئەمنی ناو زیندانی کردووە و کەتنی ناوەتەوە ! بەڕاستی سیناریۆیەکی گاڵتەجاڕانەیە !

ئەوەی کە جێگەی تێڕامانە ئەم دەسەڵاتە نەک کەتن بەڵکو هەرچی خیانەت و جاشێتی و تیرۆرێکە پیادەی کردووە دەرحەق بە هاوڵاتیانی خۆی کەچی هیچ کات خۆی بەشایستەی ئەوە نازانێت تەنانەت بۆ جارێکیش بێت غروی خوایەتی خۆی بشکێنێت و بچێتە بەردەم ئەو دادگایەی کەخۆیان یاساکانی وەک لاستیک ئەکشێنن و ئەیکەنە تۆڕێک بۆ ئەوەی هەردەنگ و ڕەنگێکی وەک شێروان کە ئەزانن نەیاریانە پێ دەستەمۆ و لاواز بکەن کە من پێموایە ئەوە خەونە و هەرگیز نایەتە دی و ئەمڕۆش شێروان ئەو پەیامەی دووپاتکردەوە .

ئەگەر ئەم باسە بۆ هەرکەسێکی بیانی وەربگێری و بڵێی زیندانیەک گوایە هەڕەشەیەکی بێ بەڵگەی لە کەسێکی ئازاد و باڵادەست کردووە ئەوە گومانی تیانیە ڕاستەوخۆ پێت ئەڵێت مادام دەسەڵاتێکی ئاوا ترسنۆک و بۆشە لە زیندانیەکی مەدەنی ئەترسێ چۆنە تا ئێستا هاوڵاتیان چەند سەدێک لەم ئازادیخواز و یاخیانەی بەرهەم نەهێناوە و ئەو دەسەڵاتەیان پێ نەڕوخاندووە ؟! بەڕاستی جێگەی پرسیارە چۆنە تا ئێستا وا بۆ سەد ساڵ ئەچێت هەر ئەم بنەماڵانە دەسەڵاتداری هەرەباڵان لەکاتێکدا ئەوەش حاڵی حوکمرانیە جوانەکەیان بێت ! 

مەسرور بارزانی و بنەماڵەکەی هیچ کات سڵیان لە ئەتکردنی یاسا و شکاندنی کەرامەتی تاکی مرۆڤەکان نەکردۆتەوە کەچی بۆ هەڵخەڵەتاندنی دونیای دەرەوە و بەردەوامی دان بەو پشێویە سیاسی و ئابوری و ئەمنی یەی دروستیان کردووە دێن لەڕێگەی یاساوە بەردەوامی بەو یاریە دووبارە و گاڵتەجاڕیانە ئەدەنەوە و نمایشی خۆیانی پێ ئەکەن وەک هەرێمێکی دیمۆکراتخواز و خۆشگوزەران .

بابەتی شێروان شێروانی و دەنگەئازادەکانی تر نە کەتن و نە تاوان و نە تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی یە بەڵکو ئەو ترسەی مەسرور بارزانیە لەوەی کە ڕۆژێک بێت لەسەردەستی ئەماندا ئەو یێدەنگیەی سێگۆشەی بەرمۆدەی بادینان بشکێنرێت و کەتنێکی بەسەربێت و بەڕەی دەسەڵاتی لەژێر بهێنرێتە دەر .

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت