!ئەو کاتەی شێروان ئازاد ئەکرێت 

دانا موحەممەد

هەر بە ناوهێنانی ئازادی کەسانێک هەیە ژان ئەیانگرێت چونکە (دانوو)یان لەگەڵی ناکوڵێ ! ئازادی وەک هەڕەشەیەکی زۆر جددی ئەبینن لەسەر کیانی سیاسی و فیزیکی و کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆیان .

ئەوان هێندە ڕق ئەستوور و نالەبارن کەس بە شایستەی ژیانکردن و خۆشڕابورادن و هاوشانی خۆیان نابین، بەڵکو ئەبێت هەمیشە وەک فەرماندار هەبن نەک فەرمانپێکراو ! 

ئەو هەموو چیرۆکە تراژیدیا و نامرۆڤانەی بەرامبەر بە شێروان شێروانی دەکرێن بۆ ئەوەی ملکەچی حەزە شەڕەنگێزیەکانی خۆیانیان بکەن لەڕێگەی سەردانیکردنی کەسانی باڵای هەواڵگری و دەزگای پاراستنەوە ،بێسوودە . 

ئەو هەموو تەمەن بەفیڕۆدانە، ئەو هەموو ساڵ دابڕانەی باوک لە هاوسەر و مناڵ ، ئەو سزادانەی شێروانی بە نەبینینەوەی باوکی لەسەرەمەرگ دا ، تەنها لەپێناوی ئەوەی ئەو ئامانجە پیرۆزەی کە شێروان چیا ئاسا شانی داوەتە بەر لێی پاشگەزبێتەوە ئەویش خەباتکردنە لە پێناو هۆشیارکردنەوەی خەڵک و ئازادبوونی ! پارتێکی بەحساب ٧٩ ساڵ بەرامبەر بە شێروانێک وەستاوەتەوە کە هەموو چەکی ئەو قەڵەم و هەڵوێستەکانیەتی . 

هەست بەو ترسە نائاساییەی مەسرور بارزانی ئەکەم کە هەیەتی ، ئەزانم بیرلەوکاتانە ئەکاتەوە کە شێروان شێروانی لە زیندان دێتە دەرەوە چۆن لەجیاتی ئەوەی بێدەنگی بکات ، کەچی وەک سەرکردەیەک پێشوازی لێ ئەکرێت !

مەسرور و پارتی ویستی ئەو بێدەنگیەی کە لە شەقڵاوە و مێرگەسور و سەری ڕەش هەیە نەتەقێتەوە و کەس نەبێتە ڕابەر بۆ تەقینەوەیەکی ناڕەزایەتی و تاسەر ئەو چەوسانەوە و سەرکوتکردنە سیاسی و ڕاگەیاندنە بەردەوام بێت بۆیە شێروانی خستە زیندان ، ئێستا ئەبینێ کە ڕووداوەکان شتێکی تر ئەڵێ و لەوە ئەچێ کە شێروان ئیتر وەک ئەو گەنجە ٣٦ ساڵیە نەبێت کە زیندانی کرا بەڵکو ئەوکاتەی ئەو ئازاد ئەبێت ، نۆ ساڵی ئەزموونی زیندان و پشتگیری وڵاتانی دەرەوە و ناوخۆیی ئەبێت و ئەم ئەزمونانەی چۆتە سەر ئەزموونەکانی تری ژیانی و بەڕاددەیەک ئاستی ڕۆشنبیری و ورەی بەرزتربۆتەوە کە ڕێک ئامادەکراوە بۆ سەرکردایەتی. مەسرور شانازی بە سەرۆکایەتی دووشارەوە ئەکات بەڵام ئەو ترسی هەیە شێروان بە پلەیەکی باڵاتر و وەک سەرکردەیەک و بە ڕوئیایەکی مرۆڤدۆستانە و ئازادیخوازانەوە شوێنەکەی بگرێتەوە و ناوی ئەم کوێربێتەوە و بەزبڵدانی مێژوو بسپێردرێت !

ئەوکاتەی شێروان شێروانی ئازاد دەبێت ، ڕێک ئەوکاتەیە کە بنەماڵە و خێڵە سیاسیە خۆسەپێنەکان خۆیان ئامادە ئەکەن بۆ شەڕی مان و نەمان لەگەڵ دوژمن نا بەڵکو لەگەڵ ئەو میللەتەی کە بووە بە مایە و سەرچاوەی خۆشبەختی بۆ ئەوان و ئێستا لێیان هەستاون و بە ڕووخاندنیان نەبێت بەهیچیتر ڕازی نابن . 

بۆیە ناحەقیان مەگرن ترسی ئەوان ترسە لە لەدەستدانی دەسەڵات و کورسی و خوایەتی، بۆیە ئێستا وەک گای هاریان لێهاتووە تەنانەت پەلاماری ئەو دەنگە ئازادانەش ئەدەن کە لەبەردەم دادگای کەتنی بنەسڵاوە کۆبوبوونەوە بۆ ڕێگریکردن لە سەپاندنی ئەو سزا پڕ لە ڕق و سیاسیەی مەسرور بارزانی بەرامبەر شێروان و هاوبیرانی .

ڕەنگە سەرنجی ئەمەت نەدابێت