دەربارەی دەسەڵات
نوسینی/ گەیلان محمد کریم
لە هەر شوێنێکی دیموکراسی دونیا ، دەسەڵات پڕۆژەیەکی نیشتیمانی هاوبەشە کە بەسەر هەزاران جێی جیاواز و هەڵڕژاودا پەرشوبڵاوبۆتەوە ، دەسەڵات لە شوێنێک و لە خودی تاکە کەسێکدا خۆی نیشان نادات ، تەنانەت لە کاتێکی دیاریکراویش خۆی چڕ ناکاتەوە ، ئەو چەندێک لە ئیستا و لێرەدایە ، ئەوەندەش لەوێ و لە داهاتوودایە ، ئەوەی لێرەدا ئامادەیە ، لە ئاییندەشا بەو جۆرە درێژ دەبێتەوە ، هەر ترسێک کە لە ئیستادا لە دەسەڵاتەوە دەلکێ و خۆی نیشاندەدات ترسێکی هەمیشەییە کە لە پاراستنی خودی دەسەڵاتدا خۆی کورتناکاتەوە کە لە دەستمان دەچێ ، بەڵکو لە بەهێزکردنی ئەو دەسەڵاتەیە کە چۆن خۆی جێگیر بکات و تا بۆی دەکرێ زێدەتر بەناو هەموواندا پەرشوبڵاوبێتەوە ، هەر ترسێک دواجار کە دێتە رێی دەسەڵات ، چیدی خەمی تاکە کەسێک و دەستە و تاقمێک نییە ئەوەندەی خەمی یەک بە یەکی هەمووانە ، ئەو هەمووانەی کە بەشێکیان هێشتا نەهاتوون و لە ساڵەکانی داهاتوودا دێن.
یەکێک لە ئامانجەکانی دەسەڵات ئەوەیە کە خۆی لە رووکارە روون و دیارەکانی دەدزێتەوە و ئیدی بە هیچ جۆرێک بینراو نییە ، ئەو لە رووبەرە نادیارەکاندا ئامادەیە ، لەو شوێنەی چۆتە نێو ناخ و گیانی یەک بە یەکی ئەندامانی ئەو شوێنەوە. دەسەڵات بەجۆرێک نەبینراوە ، کە لە هەر جێگەیەک ئامادەییەکی زیندوو و ئەندامی هەیە ، تەنانەت کەسێک بوێری بڕینەوەی درەختێکی نییە ، بوێری فڕێدانی پارچە کاغەزێکی بێکەڵکی نییە بۆ سەر شەقام ، نەک لەبەرئەوەی دەترسێ لە سزایەکی دانراو ، بەڵکو لە ویژدانێک دەترسێ کە خۆی هەڵیگرتووە و هەمیشە کون بە کون و هەنگاو هەنگاو بەشوێنیەوەیەتی.
لەم جۆرە دەسەڵاتانەدا پەروەردە شوێنی گرنگ و گەورەی هەیە ، نوێنەرەکانی لەناو پەرلەمان و دەزگا ترسناکەکانی پۆلیس و دەوڵەتدا نین ، بەڵکو لەناو ویژدانی پەروەردەکاران و مامۆستاکاندان ، ئەوانە چەند کەسێک نین کە خەمخۆر و پارێزەری دەسەڵاتن ، ئەوەندەی کۆی خەڵکان بە بچووک و گەورەوە لە خەمیدان.
بۆ نموونە بەرلەوەی بڕیار و یاسایەک لەسەرەوە و لە ژوورە تاریک و نوتەکەکانی پەرلەمانەوە بێتە دەرەوە ، لە پۆلەکانی خوێندن و لەناو خەڵکەوە دەخوڵقێت ، مامۆستایان پێشەنگی دەبن و لەناو رۆحی منداڵاندا دەیچێنن.
کاتێک دەمانەوێ یاسایەک بۆ قەدەخەکردنی جگەرەکێشانی منداڵان بەرقەرار بکەین ، تەنیا رێکارێکمان نییە مرەکەب بینوسێ و کەسانێک شەڕی بۆ بکەن ، ئەوەندەی پێشوەختە لە هەزاران جێی جیاوازەوە تۆوەکەیت پرشاندووە.
لە شوێنێک کە دەسەڵات بۆ هەمووان دەبێ ، لەو جێگەیە ڕۆڵی سەرۆک زامن و رۆشن و ئاسانترە ، چونکە لە بنچینەوە سەرۆک لەسەرەوە نییە ئەوەندەی وەک هەر ئەندامێکی دی ناو کۆمەڵگەکەی تەنیا دەستێکە لەناو هەزاران دەستی دی دا.
هەر دەسەڵاتێک کە لەناو کۆی خەڵکەکانی پەرشدەبێتەوە ، هیچکات ترسی لە دوژمنێک نییە چ لەناوەوە و چ لەدەرەوە ئامادەیی هەبێ و روبەڕووی بێتەوە ، چونکە ئەو دەسەڵاتە بۆ خۆی لەسەر خوڵقانی خۆشەویستی کاری کردووە و هەموو روکار و روەکانی تەنیا میهرەبانی بەرهەمدەهێنن و نەبینراو لەناو هەموواندا بوونی هەیە ، هەر دەسەڵاتێکیش تاقە مرۆڤیەکیش لەناو خۆیەوە فڕێبداتە دەرەوە و لە ماف و ئەرکە سروشتییەکانی بێبەشی بکات ، دەبێ بۆ هەمیشە ترسی لەناوچوون و ترسی بەردەوام لەناو خۆیدا هەڵبگرێ و کتومت وەک ئەوە وایە بۆ ناو لەبارچوون شۆربووبێتەوە.
بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە دەمی مەرگی دەسەڵاتێکی دیموکراسخواز ، زەرەرمەندی یەکەم خەڵکانی بێدەسەڵات و لاوازەکانن کە لەوێدا کەسانێکی ئاسوودەن ، لە دەمی لەناوچوونی دەسەڵاتی زۆرەملێ ئەوانەی بەدبەختن تەنیا دەستوپێوەندەکانن کە بۆ هەمیشە ویژدانیان پەرێشان و زامدار دەمێنێتەوە.
Post Comment