کابینەی فڕۆکەی بارزانی گەرمترە لە کابینەی حکومەتەکەی

دیار هەرکی- دامەزرێنەری سەرنج پرێس

دوای تێپەربوونی زیاتر لە ساڵێک و چوار مانگ بەسەر دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیشمان تێپەراند کەچی هیچ رۆشناییەک نیە تاکو کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێ!. 

کۆبوونەوەکانی نیوان پارتی و یەکێتی بەردەوامە  بۆ پیکهینانی کابینە ، بەردەوام بانگەشەی قسەی باق و بریق و هەرەشە و گورەشە لەیەک دەکەن و  جارجارەش هەوال کە بلاو ئەبیتەوە ئەوەیە کە خالی هاوبەش زیاترە لە خالی ناکۆک. 

مەسرور و بافڵ دانویان بەیەکەوە نەدەکوڵا کەچی دانووی شاسوار عەبدوالواحید سەرۆکە بۆتۆکسچیەکەی نەوەی نوێشی هاتە سەر و ئەویش بەشێکە لە هاوکێشە مەحاڵەکە

لای منی هاوولاتی  پرسیاری زۆری بی وەلام هەیە و دەپرسم حکومەت پێک بێت یان نا بەمن چی ؟ ئەرێ مووچەی مانگی نۆ تا دوانزە دابەش ئەکریت یان چارەنووسی چی دەبێ؟

هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن بەبێ پێکهاێنانی حکومەت هاوڵاتی دەبێ پرسیار لەکێ بکات ئەرێ ئیدی کێ بەرپرسە دانوستان لەگەل حکومەتی ناوەند؟ کەی ئیدی مووچە نابێ بە هەواڵی بەپەلە؟ کەی دەگەینە ئەو رۆژەی کە تیگەیشتنی کۆتایی و کیشەی بودجە و مووچە  ئیترکۆتایی دیت و هاولاتیان هەناسەی ئیسراحەت هەلمژن ؟

بەداخەوە دەبێ دانی پێدابنێین پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن لە هەرێم تەنیا بۆ تۆخکردنەوەی دوو جەمسەری بنەماڵەییە ، هەموو کات هەمان ئەنجام بەرهەم دێ و ساڵ لەدوای ساڵ دەبێ بڵێین خۆزگەم بەپار، دوای هەر هەڵبژاردنێک کۆمپانیا حیزبیەکان بەهێزتر دەبن ، دادگاکان لاوازتر دەبن ، مووچەش بەردەوام هەواڵی بەپەلە و خەونی شاعیرانە.

دیار هەرکی دامەزرێنەری سەرنج پرێس و ڕۆژنامەنووسی تۆمارکراوە لە وڵاتی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان