کوردبوون سەختە، لە ژێر سێبەری ئەم گەندەڵانە، سەختریشە
سەرمەند مصطف حمد
سیاسەت هونەری بەڕێوەبردنی وڵاتە. چۆنێتی ئیدارەدانی حکومەتە بەرەو گەشانەوە و پێشکەوتن، لە پێناو بەدیهێنانی بەختەوەری و بەرژەوەندی هاوڵاتیان. کاتێک وڵاتێک بێ پلانە و بەرەو هەڵدێر هەنگاو دەنێت، نیشانەی ئەوەیە بەرێوەبەرەکانی بێ حیکمەت و بەهرەن و توانای بەرێوەبردنیان نییە و دەسەڵاتیان لە پێناو بەرژەوەندیە تایبەتییەکانیان بەکارهێناوە. بە لەبەرچاو گرتنی رەوش و بارودۆخی لە ئارادابووی کوردستان بە روونی ئەوە دەردەکەوێت بنەمای دەسەڵاتی بنەمالەیی و نەبوونی بەهرە و کارامەیی لە هونەری بەرێوەبردن و بەکارهێنانی حکومەت بۆ بەرژەوەندی دوو خێل و بنەماڵە، سیستەمێکی سیاسی هێناوەتە کایەوە داهێنانە لە ئاست جیهاندا، لە قاڵبی هیچ سیستەمێکی دیاری کراو جێی نابێتەوە و پۆلێن نابێت. پێکهاتە و ئاوێتەیەکە لە بژاری تایبەتمەندییە خراپەکانی سیستەمە سیاسییە گەندەڵە جیاوازەکان. خۆسەپاندن و کپکردنی دەنگی ئازادی و نەهێشتنی هیچ بزوتنەوەیەکی هوشیاری و ئازادی خوازیان لە سیستەمی دیکتاتۆری وەرگرتووە، بەرژەوەندی خوازی و هەلپەرستی و گرنگی دان تەنها بە سروەت و سامان و بە تاڵانبردنی وڵاتیان لە لە ئۆلیگارشی خواستووە، دەسەڵاتی خۆسەپێنی بنەمالەیی و میراتی بۆماوەیی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کور و نەوەکانیان لە پاشایی بۆماوەیی وەرگرتووە، پەرەدان بە چاندنی ترس و تۆقین لە دڵی هاوڵاتیان و هێشتنەوەیان لە دۆخی فۆبیا بە زەبری هێز و غەدر و بێ نان کردن و تەنانەت دەستبردن بۆ کەرامەت و شەرەفیان لە سیستەمی زۆردارییەوە وەرگرتووە و شانازی کردن بە خۆیان و خۆبەگەورە و ئاغا زانی و خۆیان بە سەرو مرۆڤ و کەسانی هەڵبژاردە و نموونەیی لە قەڵەم دانیان لە سیستەمی تیۆکراسی وەرگرتووە؛ دەکرێ ناوی سیستەمی حکومڕانی کوردستان بە “چەتەیی بۆ ماوەیی” ناوزەد بکرێت. سیستەمێک دزترین و گەندەڵترین و زاڵمترین بەرزترین دەسەڵاتی هەیە و بۆماوەییش بۆ نەوەکانی بەجێ دەمێنێ و بە پێی ئەوەی کەسێک تا چەند لە بەرژوەندی ئەم “شادزە” هەوڵدەدات و توانای دزی و گەندەلی هەیە، دەسەڵات وەردەگرێ و پلە و پێگەی پێ دەدرێت.
وڵاتێک خێر و بێرەکەی بۆ دوو بنەماڵەیە و نەگبەتییەکانی بۆ هاوڵاتیانی. کوردستان ئاوی کەوسەرە و خاکی گەوهەرە بۆ ئەوان، ئەگەرنا هاوڵاتییەکی کورد نییە لەبەرەی ئەم دوو حزبە نەگریسە نەبووبێ و لەبەری ئەم کەوسەر و گەوهەرە سوودمەند بووبێ. لە وڵاتان نەوت بە خۆماڵی دەکرێ ئەمان نەوتیان بە بنەماڵەیی کردووە، کارگە و پیشەیەک دا نامەزرێ گەر پشکی ئەوانی تێدا نەبێ، چونکە لە راستیدا ئەوان خۆیان پێ ئاغای وڵاتە و میللەت بە کویلەی خۆیان دەزانن، بەڵام لە ژێر دروشمی “میللەتی خۆراگر و هاوڵاتی خۆراگر” بە تەفرەیان دەبەن. پاشان یەکێک کە هیچ پلە و پۆستێکی نییە و خۆی بە ئاغای ئاغاکان دەزانێت و بە مەرجەع ناوی خۆی دەبات دێت و باس لەوە دەکات کەرامەت گرنگترە لە قووت و نان، ئەو قسە کاتێک راست و راوایە، لەگەڵ برسێتی خەڵکی و کاربەدەست و بەرپرسان و ئەم بە ناو سەرۆک و رابەرە پاڵەوانە فشەڵانەش برسی بوونایە، ئەگەرنا هەر شیرینە لەسەر پارە و قوتی خەڵکی لە کۆشک و تەڵار و سکی تێر بانگەشەی کەرامەت بکەی. لە کاتێکدا باوک کەرامەتی لەبەرامبەر کرێی خانوو و گیرفانی بەتاڵی دەشکێ، کاتێک دایک کەرامەتی لە بەردەم برسێتی منداڵی دەشکێ ئەم ناسەرکردانە لە کوێن؟!! لە نەبوونی ٨٠ رۆژ مووچە و برسێتی میللەت کامە کاربەدەست و پیاوی حزبی برسی بوو و کەرامەتی هەبوو یارمەتی دراوسێکەی بدات؟!! هەموو ئەم کاربەدەست و سەرۆک حزبانە مووچەیان لە بەغدایە و کەرامەتیان هەبووە وەرینەگرن؟!!
لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە پاشاگەردان و بێ یاسا و بێ پلانەدا، تاکی کورد بێ هیوا و نائومێد و بێ شکۆ بووە. ژیانێک تەنها بە ئامانجی بەدەستهێنانی بژێوی بەرێدەکات. هیوا و ئاوەتەکانی لەبار براون و خەون بە خەونەکانییەوە دەبینێت. مێژووی رابردووی بە پیرۆزی پێ دەفرۆشن و سبەینێیان لێ دزیوە. مرۆڤی کورد لە ژێر دەسەڵاتی حکومڕانی دوو بنەماڵەی هەلپەرستی گەندەڵ، تەنها ئەرکیان هەیە و لە هەموو مافێک بێ بەشن، تەنانەت لە مافە سەرەتاییە سادەکانی وەک: کارەبا، ئاو، تەنانەت مووچە… ئەوە جگە لە نەبوونی ئازادی رادەربڕین، مومارەسەی سیاسی…هتد. مرۆڤی کورد نە هەڵوێستی ماوە و نە بوێری گۆڕانکاری، دەستی لە خۆی ششتووە و هەموو شتێکی داوەتە دەست خوا. (بۆتە مردووی جوڵاو زیندووی بێ گیان!)
Post Comment